بەدرێژایی تەمەنی ئیسلام چەندین گروپ لەژێر ناوی ئیسلام و بە خوێندنەوەی جیاواز لە دین ڕێی خۆیان لە ڕێبازی ئیسلام و سوننەت جیا کردۆتەوە. دروست بوونی فیرقەی نوێ لە کۆمەڵگای مۆدێڕنیتە بە Culte و Sect واتا ئەو گروپانەی لە دینی سەرەکی لائەدەن و بە دامەزراندنی بیرۆکەیەکی نوێ لە دینی ڕابردوو دەگەڕێنەوە بۆ بوت و مرۆڤ پەرەستی. بەڵام لە کۆمەڵگای ئیسلام‌دا کە فیرقەی بەلاڕێداچوو بە دەستی کەسانی وەک "ئەحمەد قادیانی" سەر ھەڵ‌ئەدات کۆمەڵێک ناشارەزا بە دین و بەرژەوەندخواز بەیعەتی لەگەڵ دەبەستن. ئەم جۆرە فیرقانە بەشێوەیەکی جیاواز لە فەرموودەکانی خودا و حەزرەتی موحەممەد د.خ بانگەشەی دینی ئیسلام دەکەن و موسوڵمانان بەلاڕێدا دەبەن.

لە ساڵی 1875 ئەحمەد قادیانی لە ھێندستان گوتی من ھەڵبژێردراوی خودام و نێردراوم بۆ چاکسازی لە دین و ڕزگار کردنی مرۆڤایەتی. قادیانی کە بڕوای بە جیھاد نەبوو گوتی من مەھدی مەوعوود و عیسا مەسیحم کە بەڵێنی دراوە. لەپاش مردنی، شوێنکەوتووانی دابەش بوون بە دوو باڵی [جوڵانەوەی ئەحمەدی لاھور] و [جەماعەتی موسوڵمانانی ئەحمەدیە] کە ھەردوو ناکۆک بوون لەچۆنیەتی بەڕێوە بردنی گرووپەکەیان. لقی ئەحمەدیەی لاھوور لەسەر ئەو باوەڕە بوون ڕێبەرەکەیان تەنھا موسوڵمانێکی بیرمەند و ڕۆشنبیر بووە بەڵام لقی جەماعەتی موسوڵمانانی ئەحمەدیە لەسەر ئەو باوەڕەن حەزرەتی موحەممەد د.خ دوایین نێردراوی خودا نەبووە و قادیانی پاش حەزرەتی موحەممەد د.خ، پێغەمبەر و نێردراوی بێ کتێبە لەلایەن خوداوە. دواتر موسوڵمانان لە بەرانبەر فیرقەی ئەحمەدیە ھەڵوێستیان گرت و وەک قەومی ضالە، ڕافزە، جەھمیە، دوشمن و کافر بە دینی خودا ناویان لێ‌بردن.

دوای 102 ساڵ و لە 1977 ئەحمەدی موفتیزادە لەشاری سنە [مەکتەب قورئان]ی ڕاگەیاند. موفتیزادە نەتەنیا بڕوای بە جیھاد نەبوو ئەیگوت لەسەر گۆی زەوی کافر بوونی نیە [نامەی ژ6 ل75 لە کتێبی نامەھا]. موفتیزادە [لە نەواری ئەمانەت] بەڕاشکاوی دەڵێت لەلایەن خوداوە ئیلھامم بۆدێت و ھەروەھا داوا لە خودا دەکات ڕێگەی پێ بدات پاش مردنی پێوەندی بەم دنیاوە بگرێت[1]. لەدوا موفتیزادە یەکێک لە ئەندامان گوتی خەوم دیوە لە پێشەوەی کاروانێک‌دا لەدوا پێغەمبەر د.خ و حەزرەتی ئەبووبەکر ر.خ ئەحمەدی موفتیزادە بەڕێوە بوو ھەر بۆیە مەکتەب دەڵێت ئەحمەدی موفتیزادە سێھەم کەسە لەنێوان پیاوچاکانی ئیسلام‌دا. لەدوا کۆچی ئەحمەدی موفتیزادە، بەھۆی چۆنیەتی دەستنیشان کردنی جێگرەوەی و شێوازی بەڕێوە بردنی ڕێخراوەکەیان ناکۆکی کەوتە نێوانیان و دابەش بوون بە دووباڵی سەرەکی [مەکتەبی قورئانی کوردستان سەر بە ئەمینی] و [مەکتەبی قورئان سەر بە قوڕەیشی]. باڵی ئەمینی لەسەر ئەو باوەڕەن موفتیزادە موسوڵمانێکی بیرمەند و بۆ خوا ژیاوە و وەک ھەر مرۆڤێک ھەڵەی بووە. بەڵام باڵی قوڕەیشی ڕێبەرەکەیان پیرۆز و تەقدیس دەکەن و لەسەر ئەو باوەڕەن حەزرەتی موحەممەد د.خ ڕەسووڵی کوبرا و ئەحمەدی موفتیزادەش ڕەسووڵی سوغرایە. مەکتەبیەکان ھەموو توانایان خستە گەڕ بۆ شاردنەوەی ھەڵەکانی موفتیزادە و ھاوکات ھەوڵیان داوە وەک ڕێبەرێکی ئایینی بیسەپێنن تا ئەو ڕادەی لە نامەیەک بۆ ڕاشدالغنّوشي [ڕێبەری حركة النهضة التّونسية] موفتیزادە وەک ڕێبەری ئەھلی سوننەتی ئێران بناسێنن[2] یاوەکوو بە یارمەتی حزبێکی ئیسلامی لە شاری ھەڵەبجە مزگەوتێک بە ناوی ئەحمەدی موفتیزادە دروست دەکەن. ھەندێک لە باوەڕەکانی موفتیزادە بووە ھۆی ناڕەزایی موسوڵمانان و ھەڵوێست گرتنی پسپۆڕانی شارەزا لە دین. لەم چوارچێوە ئیجماعی زانایانی ئەھلی سوننەت فتوای 4282 دەردەکەن و بیروبڕوای ئەحمەدی موفتیزادە بە دوور لە دینی ئیسلام و ڕێبازی ئەھلی سوننەت دەزانن [3].

موفتیزادە لە وەسیەت‌نامەی خۆی دەڵێت دووربن لە مەزھەب‌گەرایی لەکاتێکدا بەرھەمی ڕێخراوی مەکتەب قورئان دین و مەزھەبێکی جیاوازە لە ئیسلام و سوننەت. پێی وایە مەزھەبەکانی ئەڕبەعە ھۆکاری تەفرەقەن بۆیە لە کتێبی [حکومت اسلامی ل17] مەزھەبەکان بە تەزویر، ساختە، ھۆی دووبەرەکی و بە بیانووی دەستی دوشمنان دەزانێت بۆ دروست‌کردنی شەڕ و ئاژاوە. دواتر دەڵێت شۆڕا [شۆڕای دروستکراوی دەستی خۆی] دەتوانێت شۆڕشێک بێت کە ئێمە لە دووبەرەکی بپارێزێت و یەکمان بخاتەوە. لە 1991.04.15 دەڵێت بڕیارتان لێ دەسێنم لەدەرەوەی بۆچوونی ڕەوای ئەم براتان ئەحمەد پێویستە بچنەوە سەر مەزھەب. لەم دێڕەدا وەک فتوایەکی دیکەی کە گوتبووی لەسەر قورئان و سوننەت بڕیار مەدەن و پرسیار لەم برای ڕیش سپیتان بکەن خۆی پێش مەزھەب دەخات و دەڵێت لە دەرەوەی "بۆچوونی ڕەوای من" ئینجا بچنە سەر مەزھەب. کەواتە بە پێشنیاری ڕێبەرەکەیان تا ئەو کاتەی فتواکانی خۆی ھەبێت بایەخ بە مەزھەب نەدەن. موفتیزادە کە لە بێ بایەخترینەکانی ژیان تا شێوازی عیبادەت کردن ئامۆژگاری ھەیە [لە کتێبی نامەھا ل78-79] لایەنگرانی لە نزیک بوونەوەی قورئان و سوننەت دەترسێنێ. بەم جۆرە شوێن‌کەوتووانی بە پێویستی نازانن لە قورئان و حەدیس و تەنانەت مەزھەب نزیک وەبن و تەنھا وتەکانی موفتیزادە ڕەچاو دەگرن و ڕەفتاری پێ دەکەن.

موفتیزادە بۆ شوێن‌کەوتنی قورئان و حەدیس و سەر مەزھەبەکان مەرجی داناوە. ناڕاستەوخۆ داوا دەکات خۆیان لە سەرچاوەکانی دین لادەن و بە وتەی ئەو ھەڵسو کەوت بکەن. کاتێک شارەزایانی ئایین ڕەخنەیان لە مەکتەب گرت و گوتیان لە مەزھەب دەرچوون، مەکتەب قورئان لە 1989.10.15  ڕاگەیاندراوێکیان ئاراستەی بەرپرسانی حکومەت، پسپۆڕانی دین، بیرمەند و بەگشتی موسوڵمانان کرد و تێیدا ھێناویانە؛ ئەندامانی مەکتەب‌قورئان شوێن‌کەوتووی مامۆستای پلەبەرز ئەحمەدی موفتیزادە، خۆمان بە ئەھلی قیبلە، موسوڵمان و ئیماندار بە کتێب و سوننەت و ئیمام شافعی س.خ دەزانین. مەکتەب و ڕێبەرەکەیان کە بانگەشەی لەم جۆرەیان زۆرە، بە گوێرەی مەزھەبەکان ناجووڵێنەوە و لە کۆڕو وتەکانیان‌دا بێڕێزی بە مەزھەب و ئیمامانی ئەھلی سوننەت دەکەن. موفتیزادە دەڵێت؛ بۆ نمونە ئیستا لە ئێران فیرقەی جیاوازی کۆن و تازە ھەیە. ھەرکەس شوێن مەزھەبێک کەوتووە و لە ئیستادا فیرقەی کۆن باوە. بۆ نموونە شافعی، جەعفەری، حەنەفی و ھتدک... ، گروپە تازەکانیش ھەرکام بە شێوەیەک لە ئیسلام تێگەشتنیان ھەیە. جیا بوونەوی ئەم لقانە لە ئیسلام بەرھەمی ئەو خیانەتەیە کە دواتر باسی لێ دەکەین [کاسێتی دین و ئینسان]. بەم شێوە موفتیزادە مەزھەبەکانی شافعی و جەعفەری شێعە لەپاڵ یەک بە فرقە و بەرھەمی خیانەتی دوشمنان دەزانێت.

مەکتەبی قورئان کە دەڵێت لەسەر سوننەتین، بە گشتیی بڕوایان بە چوونی مزگەوت و نوێژی جومعە نیە و نوێژی تەڕاوێحی شەوانی ڕەمەزان ناخوێنن لەکاتێکدا حەزرەتی موحەممەد س.خ باس لە خێری نوێژی تەڕاوێح دەکات [سنن ترمذي رقم1377 و سنن أبي داود رقم811 - ج1ل204 و صحیح بخاري ج1ل269]. سەرجەم مەزھەبەکان بڕوایان بە بوونی کافر ھەیە و ئیمامانی ئەڕبەعە وەکوو ئیمامی مالک باسیان لە کافر کردووە [الحلیة 6/327] بەڵام ئەحمەدی موفتیزادە [لە نامەی ژ6 ل75 کتێبی نامەها] دەڵێت لەم کاتەدا لەسەر گۆی‌ زەوی کافر بوونی نیە لەکاتێکدا خوای گەورە لەسوڕەکانی [ص87 و انعام19] ئاماژە بەوە دەکات قورئان بۆ ھەموو سەردەمەکانە کەواتە لە ھەموو سەردەمێکدا کافر بوونی ھەیە. لە قورئانی پیرۆز [آل عمران59، کھف37، حج5، روم2، فاطر11، غافر67] بە ڕاشکاوی باس لە چۆنیەتی خوڵقی مرۆڤ کراوە بە تایبەت ئایەتی 7سجدە دەفەرمێت؛ له‌سه‌ره‌تاوه ئاده‌میزادی له "قوڕ" دروست کردووه‌. دواتر مەزھەبەکان ئەو بەڵگانەیان وەک خۆی بۆئێمە گواستۆتەوە بەڵام ئەحمەدی موفتیزادە دەڵێت مرۆڤ لە حەیوانی وەحشی وەک شێر و بەبر و کەرگەیەن لەدایک بووە[4] و [لە کتێبی حکومت اسلامی ل59] دەڵێت مرۆڤ بە پشت دەگاتەوە بە جووتێک مەیموونی نێر و مێ. موفتیزادە [لە کتێبی نامەها نامەی ژ8 لاپەڕە122] دەڵێت؛ کافرێکی دڵپاک کە سەری بۆ بوت دانەواندووە لە موسوڵمانێکی ڕیاکار کە لە بیت‌الله ‌الحرام سوجدەی بۆ خودا دانەواندووە، لای خودا خۆشەویست‌ترە لە کاتێکدا الله دەفەرمیت بە ھیچ شێوەیەک لە موشریک خۆش نابم[النساء 116]. ئەمانەو دەیان بیروباوەڕی جیاواز لە قورئان و حەدیس و مەزھەبەکانی ئەھلی سوننەت دەیسەلمێنێت ئەو بانگەشەی مەکتەب دەیکات کە لەسەر مەزھەبن، جگەلە قسە ھیچی دیکە نیە.

ئەرکی موسوڵمانە شوێن قورئان و سوننەت بکەوێت بەپێچەوانە لە دین دەردەچێت. "إِبني سەلاح شارەزووری" موحەدیس و شارەزا بە زانستی حەدیس لە کتێبی پڕئاوازەی "مقدمة" دەڵێت؛ ھەموو فەرموودەکانی خودا و کردەوەکانی حەزرەتی موحەممەد د.خ لە چوار مەزھەبی ئەھلی سوننەت کۆ کراونەتەوە. دەکرێ بگوترێ ئیمامێک لە بابەتێکدا لە ئیمامانی دیکە بەھێز‌ترە و ئەرک نیە موسوڵمان تەنھا شوێن یەک لە مەزھەبەکان بکەوێت بەڵام ناشکرێ بگوترێ لە ھەر چوار مەزھەبەکان دەردەچم و تەنھا شوێن ڕەسووڵی خودا دەکەوم چونکە ھەرچی خودا و پێغەمبەر د.خ فەرموویانە، ئیمامانی ئەڕبەعە کۆیان کردۆتەوە و وەک ئەمانەتێک گواستویانەتەوە کەواتە دەرچوون لە مەزھەبەکان دەرچوونە لە ئیسلام و سوننەت.

مەکتەبی قورئان بەپێویستی نازانێت موسوڵمان شوێن مەزھەب بکەوێت و زۆرکات ئەندامانی مەکتەب بێڕێزی بە مەزھەبەکانی ئەھلی سوننەت دەکەن. جگە لە گواستنەوەی فەرموودەکانی خودا و پێغەمبەر د.خ وەک خۆی، مەزھەب ھیچ پەیامێکی دیکەی نیە کەواتە سووکایەتی بە مەزھەبەکان سووکایەتیە بە ئیسلام و سوننەت. ئەگەر موسوڵمان ھیچکام لە مەزھەبەکان ڕەچاو نەگرێت پێویستە شوێن قورئان و ڕەوشتی حەزرەتی موحەممەد د.خ بکەوێت بەڵام مەکتەبی قورئان نەتەنیا شوێن‌کەوتنی مەزھەب بە پێویست نازانێت بەڵکو لە ڕێبازی حەزرەتی موحەممەد د.خ لایان‌داوە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ قورئان دەکەن. لەم چوارچێوە و بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێغەمبەر د.خ کەم وەکات ئەحمەدی موفتیزادە [لە کتێبی نامەھا] دەڵێت؛ ئیمان بە ڕەسالەتی حەزرەتی موحەممەد د.خ لە مەرجەکانی ڕزگاربوون نیە. مەکتەبی قورئان پێی‌ وایە موسوڵمانان پێش ھاتنی ڕێبەرەکەیان بە گومڕاھی ژیاون و پێداگری لە سەرجەم باوەڕەکانی موفتیزادە دەکەن کە لە قورئان و سوننەت دەرچووە.

 ئەحمەدی موفتیزادە پێی وابوو لەلایەن خوداوە ئیلھامی بۆدێت [نەواری ئەمانەت] و ھۆگرانی بە نێردراوی خودای دەزانن. کەسێک بە نوێنەرایەتی مەکتەب قوران لە پێوەندیی بە کەناڵێکی ئاسمانی دەڵێت پێغەمبەر د.خ ڕەسووڵی کوبرا و ئەحمەدی موفتیزادە ڕەسووڵی سوغرایە کە ئاماژەیە بە ناساندنی موفتیزادە وێنەی پێغەمبەرێک[5]. یا لە مەراسمی مەولودی خوێندن بۆ موفتیزادە، ڕێبەرەکەیان دەشوبھێنن بە حەزرەتی موحەممەد د.خ [6]. مەکتەبی قورئان لە ڕوانگەی خۆی لە دین دەڕوانێت و بە خوێندنەوەی جیاواز لە قورئان و سوننەت و پشت‌گوێ خستنی حەدیسەکان یاسای نوێ بۆ موسوڵمانان دادەڕێژێت. دەرچوون لە بازنەی ئەمری قورئان و سوننەت و داڕشتنی سەرلەنوێی پەیڕەوێکی دەستکرد لەلایەن مەکتەبی قورئانەوە، ئاماژەیە بۆ دامەزراندنی دین و مەزھەبێکی نوێ بە دەستی ئەو گروپە.

 

 [1]                              http://www.aparat.com/v/Tjoh8

 [2]                            http://rochne.blogfa.com/post/26

 [3]                      http://rochne.blogfa.com/category/13

[4]     http://www.youtube.com/watch?v=eM1GZoktHKA

 [5]                            http://rochne.blogfa.com/post/21

[6]                            http://rochne.blogfa.com/post/52