یەکێک لە تایبەت‌مەندیەکانی کاک ئەحمەد موفتیزادە دووفاقی بوو لە وتەکانی‌دا؛ لەسەر زۆر بابەتی ئایینی و نەتەوەیی بە شێوازی دووپاڵوو قسەی کردووە یان دوو بۆچوونی جیاواز لەیەکی هەبووە بۆ یەک بابەتێک.

بۆ وێنا ئەگەر لە جێ‌یەک باس لە شوێن‌کەوتنی قورئان و سوننەت دەکات، لە شوێنێکی دیکە دەڵێت: شوێن قورئان و سوننەت مەکەون (کتێبی نامەها، نامەی ژ٦ ل٧٨-٧٩). زۆرکات دروشمی نەتەوەیی داوە و تەنانەت بە خەڵکی دەوت خودموختاری لە گیرفانمدایە بەڵام لە پەرتووکەکانی لە دژی نەتەوەگەرایی قسە دەکات. لە شوێنێک کورد وەک گەلێکی زوڵم‌لێکراو ناو دەهێنێت بەڵام هەر لەو وتارەدا دەڵێت پرسی نەتەوە ئاگرێکی سووتێنەرە.

دووفاقی لە وتەکانی کاک ئەحمەد لە بۆچوونە ئایینی و سیاسی‌یەکانی، ڕێگەی بۆ دەربازبوونی شوێن‌کەوتوانی لەمەڕ ئەو ڕەخنانە کردۆتەوە کە ئاراستەی ڕێبەرەکەیان دەکرێت و لە وەڵامی ڕەخەکان‌، وتەیەکی موفتی‌زادە هەڵدەبژێرن کە گونجاوی کات و شوێن بێت. ئەم پرسە سەری لە بڕێک کەس کە ئاگاداری لایەنی دیکەی کاک ئەحمەد و هەروەها مێژوو نین شێواندووە و بەهۆی ئەوەی‌کە موفتی‌زادە خرایە زیندان، وا هەست دەکەن کە دژبەری کۆماری ئیسلامی بووە.