پێگەی خەو لە مەکتەب قورئان

لای کاک ئەحەمەدی موفتیزادە خەو گرنگیەکی تایبەتی ھەبوو بۆیە لەدرێژەی تەمەنی خۆیدا دوای دیتنی خەو، فتوای نوێی دەر کردووە یا لە باوەڕێکی پاشگەز بۆتەوە و دواتر داوای لە ھۆگرانی کردووە بیروباوەڕو کرداریان بگۆڕن.

بۆ نمونە کاتێک موفتیزادە بۆ جاری یەکەم لە زیندان خەو دەبینێت، بەشێک لە بیروباوەڕی بەتاڵ دێنێتە ئەژمار بەڵام دوای دیتنی خەوی دووھەم لە زیندان، دەڵێت تا ئیستا ھەرچیم کردووە ھەڵە بووە، داوای لێبوردن لە ھۆگرانم دەکەم و لەخوا داواکارم لێم خۆش ببێت. پاش بڵاوبوونەوەی بۆچوونەکانی موفتیزادە و سەرسوڕمان و ھاتنە ئارای چەندین پرسیاری بێوەڵام لای ھۆگرانی، لەناو مەکتەب قورئان دۆخێکی ھەستیار ھاتە ئاراوە بۆیە ھەندێک کەسانی نزیک لە کاک ئەحمەد بە مەبەستی ھێور کردنەوەی ڕەوشەکە وتیان فەرموودەکانی کاک ئەحمەد بەھۆی ئەشکەنجە ی زۆر بووە و ھەندیکیش وتیان کاک ئەحمەد لە زیندان تێک چووە.

موفتیزادە دەڵێت کاتێک لەناو پاسی مەریوان‌ بەرەو سنە دەڕۆشتم لەنێوان خەوو وشیاریدا لەلایان خوداوە پەیامم بۆ ھاتووە. ھەروەھا موفتیزادە داوای لە خودا کردووە توانای پێ بدات کە پاش مردنیشی بتوانێت پێوەندی بەم دنیاوە بگرێت بەڵکوو لەو دنیاوە ئەندامانی مەکتەب قورئان ڕێنوێنی بکات.

پاش کۆچی موفتیزادە یەکێک لە ھۆگرانی وتی خەوم بینی کاروانێک بەڕێوە بوو؛ کەسی یەکەم لەپێشەوە پێغەمبەر ﷺ دەڕۆشت دووھەم کەس ئەبووبەکری سددیق (رض) و سێھەم کەس کاک ئەحمەدی موفتیزادە لەپێش کاروانەکە بەڕێوە بوون و ئەوانی دیکە لەدوایان دەڕۆشتن. گروپی تەفسیری خەو‌-‌ی مەکتەب قورئان ئەم خەوە وەک پەیامێکی گرنگ بۆ موسوڵمانان و بەتایبەت ئەندامانی مەکتەب قورئان تەفسیر دەکات. دواتر شۆڕای بەڕێوەبەڕایەتی مەکتەب قورئان لە بڕیارێکدا ڕوو لە ئەندامانی مەکتەب قورئان ڕایگەیاند: کاکە ئەحمەدی موفتیزادە لەدوای پێغەمبەر ﷺ و ئەبووبەکری سددیق (رض) سێھەم کەسایەتی گەورەی ئیسلامە.

دواترین ڕووداو لەم چەشنە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی 2010 و دەڵێن کاک ئەحمەد چووەتە خەوی کەسێکی بڕواپێکراوی مەکتەب قورئان و لە خەودا پێی وتووە: ئوتۆمبێلی جۆری ڕنۆL90 بکڕن چونکە ئوتۆمبێلێکی باشە!. ئەندامانی مەکتەب کە ئێستاکە توانایان ھەبێت ئەم جۆرە ئوتۆمبێلەیان کڕیوە و لەبەر ئەم ھۆکارەیە کە زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئان ئوتۆمبێلی جۆری L90 یان ھەیە.