شوێن‌کەوتوانی کاک ئەحمەدی موفتیزادە لە نەبوونی زانیاری موسوڵمانی ھەرێمی کوردستان و بە نیشان‌دانی ڕووی جوانی مەکتەب قورئان، ھەست و عاتیفەیان دەورووژێنن و قەناعەتیان پێ دەھێنن کاک ئەحمەدی موفتیزادە موسوڵمانێکی بۆ خوا خوڵقاو و کوردپەروەر بووە. 

لە ھەرێمی کوردستان کەشێکی گونجاو بۆ مەکتەبیەکانی سەر بە کاک ئەحمەدی موفتیزادە (کە بەھۆی ناکۆکی دابەش بوون بە سێ لق و دوشمنایەتی یەک دەکەن) ڕەخساوە کە دەتوانن بەیارمەتی ڕێخراوە و حزبە ئیسلامیەکان و لەچاپ‌دانی پەرتووک، لەو پارچەی کوردستانیش لایەنگر لەخۆ بگرن و دامەزراوەیان ھەبێت. (شایانی باسە سەرەکی ترین ئامانجەکانی مەکتەبی قورئان: تەقدیسی کاک ئەحمەدی موفتیزادە، زیاکردنی ڕێژەی ئەندامان و ئابووریە).
ئەندامانی مەکتەب لە دەستەی چەند کەسی دەچنە مزگەوتەکانی ھەرێمی کوردستان (و تەنانەت باکووری کوردستان) و لە سیناریۆیەکی پێشتر ئامادە کراو پێکەوە نوێژ دەخوێنن بە شێوەیەک خۆیان نمایش دەکەن کە موسوڵمانان لێیان دەپرسن ئێوە کێن و لە کویوە ھاتوون؟! لە وەڵامدا دەڵێن ئێمە لە ڕۆژھەڵاتەوە ھاتووین و شوێن‌کەوتووی ڕێبەری ئەھلی سوننەی ئێرانین کە ناوی کاک ئەحمەدی موفتی‌زادەیە و موفتی سەدەیە. دوای ڕاکێشانی سەرنجی موسوڵمانان، ئادرەسی بنکەی مەکتەب قورئان لە سلێمانی (کە کاک حەسەن ناوێک بەڕێوەی دەبات)، پێشنیار دەکەن بچن و ببنە ئەندامی مەکتەب.
بە یارمەتی حزبیکی ئیسلامی لە شاری ھەڵەبجەی شەھید مزگەوتێک بەناوی کاک ئەحمەدی موفتیزادە ساز دەکەن و ھەروەھا ئەو کتێب و نووسراوانەی کاک ئەحمەدی موفتیزادە کە ڕەخنەی موسوڵمانانی ھەرێمی لێ ناکەوێتەوە لەچاپ دەدەن و بە نرخێکی ھەرزان دەفرۆشن. وێنەکەی لە پاڵ وێنەی گەورە پیاوانی ئایینی چاپ دەکەن و ھەروەھا لە کتێبەکان‌دا، وەک ڕێبەری ئەھلی سوننەی ئێران دەیناسێنن یاوەکوو دەڵێن لەپێناو داکۆکی لە مافەکانی کورد دەساڵ زیندانی کراوە. شیاوی باسە سێ ساڵ پێش ئیستا مەکتەبی قورئان نامەیەکی نارد بۆ راشد الغنّوشي (ڕێبەری حركة النهضة التونسية) و موفتیزادەی وەک ڕێبەری ئەھلی سوننەی ئێران وەسف کردبوو.
کاک ئەحمەدی موفتیزادە زیاتر لە 30ساڵ پێشتر ویستی لە ھەندێک ڕەوتی ئایینی و سیاسی بەشدار بێت و دواتر بیرۆکەێکی لەژێر ناوی "مەکتەبی قورئان" دامەزراند. موفتیزادە وەک کەسێکی ئایینی ناسرواە بەڵام ھەندێک بیرۆبۆچوونی ھەیە لە دژی قورئان و سوننەت و شەریعەتی ئیسلامە و لە بواری سیاسیش ھەندێک ھەڵەی بووە کە خەساری ئەو ھەڵانە تا ئیستاش درێژەی ھەیە. کاتێ موفتیزادە لەڕێی حزبە سیاسیەکان نەیتوانی بە ئامانجی خۆی کە دەسەڵات بوو بگات، ھاتە دەر و لەڕێی ئایین ھەوڵی دا کەسانێک لەخۆی کۆ بکاتەوە و سەرکەوتووش بوو. دوا ڕووخانی ڕژێمی شا، موفتیزادە بە خۆ نزیک خستنەوە لە ڕێبەرانی ئەو کاتی ئێران بە تایبەت ئیمام خومەینی ویستی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی پارێزگای کوردستانی پێ بدرێت. ئیمام خومەینی ھەندێک دەسەڵاتی لە جومگەکانی دەزگا حکومیەکان پێ بەخشی و دوای دژایەتی کردنی سەرھەڵدانەکانی کورد، بووە ھۆی گیان‌لەدەست‌دانی سەدان کەس. کاتێ موفتیزادە حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی لە دژی خۆی دی، داوای لە ئیمام خومەینی کرد ھێزێکی بخاتە ئیختیار بەڵکو حزبە نائیسلامەکان لە کوردستان ڕاماڵێ. لەم چوارچێوە موفتیزادە سازمانی پیشمەرگانی موسوڵمانی کوردی دامەزراند کە سەر بە سوپای پاسدارن بوو. ھەرچەن پێشتر لە کتێبی دربارە کردستان لاپەڕە239 وتبووی نزامی جمھوری ئیسلامی برھەمی خوێنی سەحابەیە، بەڵام کاتێک زانی بەکار ھێنراوە، ئەمجارە لە دژی دەسەڵات قسەی دەکرد و دواتر بەپێی یاسای وڵاتی ئێران خرایە زیندان. زۆر کەس وا بیر دەکەنەوە موفتیزادە لەسەر کوردایەتی و دین زیندانی کرا بەڵام بەپێچەوانە، موفتیزادە کە ھەر لە سەرەتاوە پشتگیری دەسەڵات‌دارانی ئێرانی کرد و شەڕی کوردی دەکرد و لەپێناو پاوان‌خوازی گیانی خۆی دا.
شوێن‌کەوتوانی دەڵێن کاک ئەحمەد لە دوای حەزرەتی موحەممەد-ص و ئەبووبەکر-دروودی خوای لێبێت، سێھەم کەسایەتی ئیسلامە و لە حەزرەتی عومەر و عوسمان و عەلی و ئیمام شافعی و ... بە گەورەتری دەزانن. حەزرەتی موحەممەد-ص بە ڕەسووڵی کوبرا دەزانن و ئەحمەدی موفتیزادە بە ڕەسووڵی سوغرا. دەڵێن سەحیح بوخاری و موسلم پڕە لە درۆ. ھەروەھا ئەندامانی مەکتەب قورئان بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان تەنھا دەچنە لای یەک و سوود دەخۆن و سوود دەدەن و خاوەنی سەدان کۆمپانی زەبەلاحن و بەگشتی دەوڵەمەندترین چینی کۆمەڵگان.
کاک ئەحمەد لەبواری ئایین ھەندێک بیروبڕوای ھەیە کە ئیجماعی زانایان و زۆربەی موسوڵمانان لە ناو و دەرەوەی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن لە ڕێبازی قورئان و سوننەت لایداوە وەکوو:
- کافرێکی بت‌پەرەستی موشریک لە موسوڵمانێکی ئەھلی تەوحید و یەکتاپەرەست لای خودا بە خۆشەویستر دەزانێت(کتێبی نامەھا نامەژ8 لاپەڕە102).
- دەڵێت لەسەر گۆی زەوی ھیچکەس کافر نیە (کتێبی نامەھا نامەژ6 لاپەڕە75).
- لە بڕگەیەکی تۆمارکراو دەڵێت سەرەتا مرۆڤ لە حەیوانێکی وەحشی وەک بەبر و پڵەنگ و کەرگەیەن لە دایک بووە.
- لەشوێنێکی دیکە دەڵێت مرۆڤ لە جووتێک نێرو مێی مەیموون لەدایک بووە (کتێبی حکومت اسلامی ل59).
- موفتیزادە ڕابەری کۆمۆنیستەکانی زئیر "بەنان‌پاترسی" بە کەسێکی لەخوا ترس و خۆشەویستی خوا وەسف دەکات و ھاوکات سووکایەتی بە چوار خەلیفەی موسوڵمانان و بە حەزرەتی مەعاویە دەکات (کاسێتی CD ژمارە3 تراکی B17) و (کاسێتی ژ7 تراکی A-8-65).
- مەزھەبەکان بە بەرھەمی خیانەت و ھۆکاری ئاژاوە دەزانێت و دەڵێت دروستکراوی دەستی دوژمنە (کتێبی حکومت اسلامی ل17) و (کاسێتی دین و ئینسان).
- جگە لە چەند حەدیسی زەعیف، بڕوای بە ھیچ حەدیسێک نیە و لە (کتێبی نامەھا نامەژ6ل79-78) بە شوێن‌کەوتوانی دەڵێت لەسەر قورئان و حەدیس بەڵگە مەھێننەوە و وەرن پرسیار لە منی برای ڕیش سپی خۆتان بکەن. ھەربۆیە ئیستاکە شوێن‌کەوتوانی کاک ئەحمەد بڕوایان بە حەدیسەکان نیە و خۆ لە تەفسیریەکانی قورئان دەبوێرن و دەڵێن کتێبە شێعرەکانی کاک ئەحمەد تەفسیری ھەموو قورئانی تێدایە.
- دژایەتی مامۆستایانی سونە دەکات ھەروەک لە نامەیەکی دەستنووسی خۆی (لە 28/2/1358) مامۆستا کوردەکان بە دین فرۆش و چڵکاو خۆر و خۆفرۆش وەسف دەکات و بە مامۆستاکانی شێعە لە قم دەڵێت مەراجعی گەورەی قم. بۆیە شوێن‌کەوتوانی کاک ئەحمەد جگە لەو مامۆستایانەی کە دیان بە مەکتەب و ڕێبەرەکەیان دەنێن، ھەمووی مامۆستاکانی دیکە بە خۆفرۆش و خائین وەسف دەکەن.

rochne