دوا کۆچی ئەحمەدی موفتیزادە شوێنکەوتوانی بوونە چەن بەش و ئیستا مەکتەبی‌قورئان خاوەنی چوار باڵە کە دوو باڵی سەرەکی و دوو باڵ کە موفتیزادە تەنھا وەک خۆشەویستێک سەیر دەکەن و وەک ڕێبەرێکی ئاسایی لێی دەڕوانن. دوو باڵی سەرەکی بە سەرکردایەتی ئەمینی و قوڕەیشی کە ھەردووکیان لە کەسە نزیکەکانی موفتیزادە بوون بەڕێوە دەچێت. ھەرکام لەم دوو کەسە خۆیان بە حاکم شەرعی موسوڵمانانی پارێزگای کوردستان دەزانن لەکاتێکدا زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان یا نایان‌ناسن یا ھیچیان لەو ئاستەیا نابینن کە وەک حاکم شەرعێک یا کەسێکی خاوەن ھەڵوێست چاویان لی بکرێت چونکە ھێشتا سەرقاڵی دژایەتی یەکترن. 

باڵی قوڕەیشی، چالاکترین و ڕادیکاڵ‌ترین و توندترین باڵی ئەو مەکتەبەیە کە ئابووری، ڕەش‌کردنی کەسایەتیە ئایینیەکان، تۆمەت بەخشینەوە بەرامبەر ڕەخنە‌گران، زۆرکردنی ڕێژەی ئەندامان، ڕەش کردن و سڕینەوەی چینی مامۆستایان و ڕاکێشانی مامۆستاکان بەرەو مەکتەب‌قورئان، ڕێگری لە چوونی موسوڵمانان بۆ مزگەوت و ھاوکات دەست‌گرتن بەسەر مزگەوتەکان و قەداسەتی ئەحمەدی موفتیزادە و ھتدک... لە سەرەکی‌ترین ئەو ئامانجانەیە کە بە ھەموو توانا ھەوڵی بۆ ئەدەن. 
مەکتەبیەکان لە پێشەکی کتێبی (نامەھا کە نوسینی موفتیزادەیە)، لە تەقدیسی ئەحمەدی موفتیزادە ھێناویانە: لە‌ھەرکوێ باس لە ئیمان و ئازادگی و پیاوەتی بێتە پێش و ھەرکات باسی ماریفەت، بیرۆکەی ئایینی، خۆشەویستی و خزمەت بە مرۆڤەکان و ھەروەھا سووربوون لە بەرگری لە حەقی ئینسان بێتە بەرباس ناوی کاک ئەحمەدی‌موفتیزادە وەک گەوھەرێکی نوورانی لە روخساری ئەم سیفەتانە ئەدرەوشێتەوە!. کێیە بیر لە بەختەوەری مرۆڤەکان و بایەخی خۆشەویستی و چاکی وەکا و ئاواتی بەختەوەری و ئازادی مرۆڤ لە داوی زەڕ و زۆر و تەزویر بکات لە بەر ئینسانێکی وا نەچێتە سەر ئەژنۆی ئەدەب و شەیدای ئەو ھەموو گەورەیی و عەزەمەتە ئەخلاقیە و ئەو ھەموو ھەیبەت و خۆڕاگریە لەپێناو خوا و خۆشەویستی و ئیمانە نەبێ کە بە ھیچ جۆرێک وەسف ناکرێ ؟! و ...
وەک لە دێڕی سەرەکی پێشەکی کتێبی نامەکان دیارە، باڵی قوڕەیشی ھێندەی موفتیزادە بەلاوە گەورەیە کە ئەڵێن بە ھیچ جۆرێ وەسف ناکرێ و وات لێ دەکا بۆی بچیتە سەر ئەژنۆ !. قوڕەیشی ھێندە موفتیزادە بەرز دەکاتەوە تا ئەو ڕادەی کاتێ لە ماڵی موفتیزادە لەپاڵ زۆپا دانیشتووە دەڵێ موفتیزادەم لە حەزرەتی عومەر "رض" و حەزرەتی عەلی "رض" پێ گەورەترە. 
دوا کۆچی موفتیزادە یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب دەچێتە لای شۆڕای بەڕێوەبەرایەتی مەکتەب و دەڵی: لە خەوما کاروانێکم دی لە پێشەوە پێغەمبەر "ص" و دووھەم کەس حەزرەتی ئەبووبەکر"رض" و سێھەم کەس ئەحمەدی‌موفتیزادە بوو. دواتر مەکتەبی‌قورئان بڕیارێک دەر ئەکات کە موفتیزادە لەدوا پێغەمبەر"ص" و ئەبووبەکر"رض" سێھەم کەسی گەورەی ئیسلامە. 
مەکتەبیەکان بە تایبەت لە مانگی مەولوود، لەجێی پێغەمبەر "ص" مەولوودی بۆ ئەحمەدی موفتیزادە دەخوێنن. لە گوندی ئاخکەندی شاری سەقز کاتێ مەکتەبیەکان مەولودی خوێندنەکە دەکەنە مەولودی بۆ موفتیزادە، موسوڵمانانی ئەو گوندە مەکتەبیەکان لە مزگەوتەکە دەر ئەکەن. 
مەکتەبیەکان پێغەمبەر "ص" پەنابۆخوا ئەکەنە ئەسبابی بەرز کردنەوەی ئەحمەدی‌موفتیزادە !. لە بڕگەێکی تۆمارکراوی دەنگ، دوا مەدحی پێغەمبەر"ص" قەسیدەکە لە مەدحی پێغەمبەرەوە-ص ئەگۆڕن بۆ ئەحمەدی‌موفتیزادە و دەڵێن: تادەستی ڕەحمی باری لە لوتفی بێ ژوماری / دووبارە شەمسی دەرخست بەختی کردوە بە یاری / شنەی شەماڵی ھێنا زریان ھەڵات لە تاوی / ڕێبوارێ ھات لە ڕاوە بە ھێزی دوو ھەنگاوی / لە لێوی پڕ لە باری ھەواڵی ژینی پێ بوو / سۆغاتی دەستی بۆ گەل بزەی لێوی تۆ بوو / خەڵاتی بەرزی شانی حەیاتی مردارۆبوو / نەخۆشی ئەو بەراتە بەرەو ئاسۆ بەڕێ کەوت / کە شەوقی عەشقی تۆ ھات ڕۆژی نەزانی بە بەختی ڕۆح و گیانی / گەرچی ھەر یارێ پێم بێژێ کەم بێژم موفتیزادە / من ئێژم خاڵۆ ڕێبوار تا مردن تۆم لە یادە / دڵخوازی گێلی بێ دڵ گەر بە خاوم دانێی / من ئێژم کاک ئەحمەد گیان پێ لەسەر چاوم دانێ / فیدای تۆ بم موحەممەد سەرم لەڕێی مەبەستت / قوربانی ئەو نیگات بم کە کردی چاوی مەستت ! 
بەم شێوە لە مەولوودی خوێندن وەسفی پێغەمبەر "ص" و موفتیزادە ئەخەنە پاڵ یەک و ئەگەر سەرنج بەن بە موفتیزادە دەڵێ پێت لەسەر چاوم دانێ لەکاتێکدا بۆ پێغەمبەر-ص وا ناڵێن. ھەروەھا دەڵێن خوا بۆ جاری یەکەم بە ناردنی حەزرەتی موحەممەد-ص شەمسی دەرخست و دووبارە بۆجارێکی دیکە خوا شەمسی خۆی بە ھاتنی موفتیزادە دەرخست. 
مەکتەبیەکان لەناو کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگاێکی دیکەیان بۆخۆیان ساز کردووە و خۆیان لە موسوڵمانان جیا کردۆتەوە. ھەرکەس سەر بە مەکتەب‌قورئان نەبێ، بە عەوام و ھیچ نەزان یا خۆ فرۆش وەسفی دەکەن. مەکتەبیەکان لە ھەموو شارەکان لە چەن گەڕەکی جیاواز زەوی و ماڵ دەکڕن و لە تەنیشت یەک دەژین. لە ھەموو شارەکان گەڕەکی مەکتەبیەکان ھەیە و بەو شێوە خۆیان لە موسوڵمانان جیا کردۆتەوە [1] لە کاتێکدا خوا لە سوڕەی (قصص83) مژدە بەو کەسانە دەیات خۆیان لە موسوڵمانان بە زیاتر نازانن و لە ئایەی 4ی ئەو سوڕە ھەڕەشە لە فیرعەون دەکات کە خەڵکی دابەش کرد بە چەن بەش و تەفرەقەی خستە ناویان. 
ئەندامێک بە نوێنەرایەتی مەکتەب قورئان پێوەندی بە یەکێک لەکەناڵە ئاسمانیەکان دەگرێت و بەو شێوەی داکۆکی لە مەکتەب دەکات و چەن بیروباوەڕی خۆیان ئەگوێزێتەوە بۆ کارناسی ئەو کەناڵە و دەڵێ: لەسەر گۆی زەوی کەسمان نیە کافر بێ / حەزرەتی موحەممەد"ص" ڕەسووڵی کبری بووە و ئەحمەدی موفتیزادە ڕەسووڵی صغری بووە / ئەحمەدی‌موفتیزادە لە ئیمام شافعی و ابوحنیفە گەورەترە / موفتیزادە پلەی ئیجتھادی بووە / موفتیزادە موفتی سەدە بووە / سەحیح بوخاری و موسلم پڕە لە درۆ / لە کۆتاییدا دەڵێ ئێوە بوخاری و موسلمیان لە قورئان بەلاوە پیرۆزترە [2].
ھەر موسوڵمانێک ڕەخنە لە مەکتەب یا موفتیزادە بگرێت سیستماتیک تۆمەتی بۆ ساز دەکەن و پێی دەڵێن خۆفرۆش و خائین و لەناو کۆمەڵگا ڕەشی دەکەن. باڵی قوڕەیشی ھاوکات لەگەڵ بەخشینەوەی تۆمەت، ھێرشی فیزیکی دەکاتە سەر ڕەخنەگرانی و لە ڕێی کەسانێکی نزیک بە قوڕەیشی لێیان دەدرێت. ساڵی 2005 کاتێ مامۆستای گوندی یەک‌شەوە سەر بە شاری بۆکان ڕەخنە لە بیروباوەڕی موفتیزادە دەگرێت، زیاتر لە 500 کەس سەر بە باڵی قوڕەیشی لە شارەکانی نزیک بۆکان بە دەیان ئوتۆمبێل ھێرش دەبەنە سەر گوندی یەکشەوە بۆ لێدانی مامۆستا و لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکە پەلاماری یەک دەدەن / لە مزگەوتی دارالاحسان شاری سەقز ماوەی چەن ساڵە لەگەڵ فکرێکی کەی ئایینی بۆ ئەوەی دەست بەسەر جەوی مزگەوتەکەیا بگرن شەڕ دەکەن و لێک دەدەن / لە مزگەوتی پێغەمبەر"ص" گەڕەکی گوڵشەنی شاری سنە، بۆ دەست بەسەرا گرتنی مزگەوتەکە پەلاماری موسوڵمانانیان داوە / ڕەمەزانی ساڵی 1392ی ھەتاوی کاتێک دوو کەس بە ناوەکانی حەسەن ڕەحمان‌پەناە و موحەممەد ژیان ئەمینی ڕەخنە لە قوڕەیشی دەگرن، لەلایان 7کەس ھێرشیان ئەکرێتە سەر و لەبەر چاوی ژن و منداڵیان دەم و دیانیان ئەشکێنن و سەروچاویان خوێناوی دەکەن؛ کە دواتریش لەلایان قوڕەیشی و شۆڕای ئەو باڵەی مەکتەب پشتگیری لە ھێرشەکە کرا [3][4].
ئەندامانی مەکتەب لە چوارچێوەی تەقدیسی ڕێبەرەکەیان، وێنەکانی ئەحمەدی موفتیزادەیان کردۆتە باگراوندی مۆبایل و لابتۆبەکانیان و ڕەسمەکانی موفتیزادە لە ماڵی ھەموو مەکتەبیەکان ھەڵواسراوە. لە زۆربەی ماڵە مەکتەبیەکان لە ھۆڵێکدا چەن وێنەی موفتیزادە و قوڕەیشی ھەڵواسراوە لە کاتێکدا تەنانەت ئایەتێکی قورئان بەرچاو ناکەوێت. ھەروەھا مەکتەبیەکان لە کۆڕی شەوانە، کاتێک قەسیدە بۆ موفتیزادە دەخوێنن، لەگەڵ بیستنی ناوی کاک‌ئەحمەد ھەموو پێکەوە دەگرین بەڵام بە بیستنی ناوی الله و پێغەمبەر"ص" ناگرین[5]. 
ماوەی چەن ساڵە لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و جەژن خۆیان لە موسوڵمانان جیا کردۆتەوە و یەک ڕیزی موسوڵمانانیان شێواندووە و تەفرەقەیان خستۆتە ناو موسوڵمانان. ئەڵێن ئێمە توانیومانە لەڕێی قاعیدەی "موقاڕەنە" چەن ڕۆژ پێشتر یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان و جەژن دیاری بکەین. چونکە مەکتەبیەکان بڕوایان بە حەدیسەکان نیە ئەو حەدیسەش ڕەچاو ناگرن کە دەفەرمێت: عَن اَبو ھُریرە قال " قالَ رَسول الله صَلّی الله عَلیەِ وَ سَلَّم صُوموا لِرویتە وَ افطروا لِرویتە فَان غم عَلیکم فاکملوا عدە شَعبان ثَلاثین); رواە البخاری فی صحیحە. بەم پێیە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان و جەژنەکانی مەکتەبیەکان و شێعەکان و ئەھلی سوننەت، لە سێ ڕۆژی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت.
بە بڕوای مەکتەب، تەنھا مەکتەب لەسەر حەقە و سەرجەم موسوڵمانانی دیکە ھەڵەن. ھاوکات لەگەڵ ڕەش کردنی بەشەکان و مامۆستا و کەسایەتیە ئایینیەکانی دیکە، دەبێ ھەموو مەکتەبیەکان موفتیزادە وەک تاکە فریادڕەسی موسوڵمانان بزانن و تەنھا پابەندی عەقیدە و بیروباوەڕی ئەو بن. ھەرکەسیش لە ڕێی لایات خائینە و جاش و خۆفرۆشە. 
ئەو تەفرەقە مەکتەب خستیە ناو موسوڵمانان ھەموو بنەماڵيکانیشی گرتۆتەوە. ئەو بنەماڵانەی مەکتەبین سەردانی ئەو خزمانە ناکەن مەکتەبی نەبن و تەنانەت برا ھاتووچوی ماڵی برایەک ناکات کە مەکتەبی نەبێت. ئیستا سەدان بنەماڵە ھەیە کە بۆ ھۆی ئەوەی مناڵێکیان مەکتەبی نیە لە سیلەی ڕەحم و میرات بێ‌بەش کراون و پەراوێز خراون. ھەندێکش کە مەکتەبی نین، لەچاو بنەماڵەی خۆی کە مەکتەبین وەک خۆفرۆش و خائین لێی ئەڕوانن؛ ئەو کەسانەش کە بە تەنیا لە بنەماڵەی خۆیان مەکتەبین سەردانی باوکو دایکیان ناکەن کە مەکتەبی نین. تەنانەت لە شاری سەقز کەسێکی مەکتەبی کە پێشتر ناوی خۆی و دایکی پێکەوە بۆ حەج نووسیوە، کاتێ ناویان ھاتۆتەوە حەجەکەی دایکی دوا خستووە بۆ ئەوەی خۆی بتوانێت لەگەڵ مەکتەبیەکان بە کۆمەڵ بچنە حەج و دایکی ڕێدەستی نەگرێ. 
ئەندامانی مەکتەب ناوی منداڵانی ڕێبەرەکەیان لە منداڵانی خۆیان دەنێن. ئەحمەد، حەمە‌ژیان (ناوی کوڕەکەی موفتیزادە)، سەعدی، فاڕوق، سەنا و ... لە منداڵان‌یان دەنێن. کەسێکی بانەیی کە پێشتر ناوی نەژاد-س بووە ئیستا ناوی خۆی گۆڕیوە بە ھاوشێوەی جێگری موفتیزادە یانی سەعدی. 
بەھۆی ئەوەی بڕوایان بە حەدیسەکان نیە، ڕیش دەتاشن و سمێڵیان وەک موفتیزادە دەھێڵنەوە. سەرجەم پیاوەکانی مەکتەب قورئان وەک موفتیزادە سمێڵیان ئەھێڵنەوە بەو شێوەی لێوی سەروویان دیار بێت و ڕیشیان دەتاشن و ژنەکانیان وەک بنەماڵەی موفتیزادە چارشێوی ڕەنگی ڕوون لەسەر دەکەن. 
جێگری ئیستای باڵی توندڕەوی مەکتەب خاوەنی دەیان کۆمپانی و شەریکەی تیجاریە کە ساڵانە بڕی سەدان ملوێن تمەن بەبێ ھیچ ڕێگریێک لە بانقەکانی ئێران وەر دەگرێت و ساڵانە دەیان ملوێن تمەن سوود ئەداتەوە بە بانقەکان. ھەرچەن قوڕەیشی کەسێکی ئایینی تۆکمە نیە بەڵام ئەم باڵەی مەکتەب وەک چاودێری شۆڕا دیاری کردووە. زۆربەی داھاتی شەریکە و مارکێت و کۆمپانیەکانی مەکتەب‌قورئان، دێتەوە ژێر چاودێری خۆی و کوڕەکەی موفتیزادە. 
ئابووری یەکێک لە سەرەکترین ئامانجەکانی مەکتەب‌قورئانە. کۆمپانیاکانی مۆکێتی کرێشە، کۆمپانی ساختە کردنی کارتۆن، شەریکەی دروست کردنی بزمار، شەریکەی شیفا بۆ دەرمانی سروشتی، شەریکەی ئالۆمین بۆ بەرھەم ھێنانی ڕادیاتۆری ئوتۆمبێل، شەریکەی وەن بۆ بنێشت و نان قەیسی، شەریکەی سوسیس و کالباسی زونگ کە سەر بە قوڕەیشی و ستافی سەرکردایەتی مەکتەبە، شەریکەی ساختە‌کردنی چینی، شەریکەی فەڕش و وەکالەتی فەڕشی نەخشین، وەکالەتی زەڕ-ماکارۆن و تەک-ماکارۆن، گەورە کۆمپانی عمران‌ امانیە لە چوارچێوەی چیمەنتۆ و خیز و بیناسازی گەورەترین کۆمپانی مەکتەب قورئان کە ڕاستەوخۆ لەلایەن قوڕەیشی و کوڕەکەی موفتیزادە چاودێری دەکرێت و دەیان کۆمپانی و شەریکەی تیجاری کە وای کردوە مەکتەب‌قورئان، ئیسلام بکاتە ئەسبابی کاسبی و تیجارەت بۆ پڕ کردنی گیرفانیان. 
مەکتەب ماوەی چەن ساڵە ھەوڵ ئەدات لە ھەرێمی کوردستانیش بنکە دامەزرێنێت. لەو چوارچێوە ئەندامانی مەکتەب‌قورئان لە دەستەی 15کەسی ئەچنە ھەرێم و لە مزگەوتەکان بانگەشە بۆ مەکتەب و موفتیزادە دەکەن. وێنەی موفتیزادە لەپاڵ وێنەی پیاوانی ئایینی لە چاپ دەدەن و لە کتێب فرۆشیەکانی ھەرێمی کوردستان بە نرخێکی زۆر ھەرزان دەیفرۆشن. یەکێک لەو کتێبانە بەناوی دیالکتیکی ئیسلامی کە لە کتێب‌فرۆشەکانی نزیک دارەسووتاوەکەی سلێمانی دەفرۆشرێت. ئەم کتێبە کە لە نووسینی موفتیزادەیە و بە شێوەێکی دوور لە زانستی فەلسەفە نووسراوە، بە نرخی 2000 دینار کە پارەی ڕۆژانەی منداڵێکە دەفرۆشرێت.
پێغەمبەر"ص" لە مەککە بۆ مەدینە ھیجرەتی فەرموو. وەک چۆن مەکتەبیەکان ئەڵێن موفتیزادە ڕەسوڵی صغری و پێغەمبەر"ص" ڕەسووڵی کبری‌یە، سەفەری موفتیزادە بۆ کرماشان بە ھیجرەت وەسف دەکەن و دەڵێن کاکە ئەحمەد لە سنەوە بۆ کرماشان ھیجرەتی فەرموو. بەکار ھێنانی ئەم جۆرە دیڕانە لەناو ئەندامانی مەکتەب قورئان باوە و موفتیزادە وەک پێغەمبەر-ص وەسف دەکەن.

 

[1]    http://www.rochne.blogfa.com/post/29 

[2]     http://www.youtube.com/watch?v=9uwJCcusWVs

[3]     http://www.rochne.blogfa.com/post/32

[4]     http://www.rochne.blogfa.com/post/20

[5]      http://www.youtube.com/watch?v=omlx54otzxA