موفتی‌زادە لەدایک‌بووی شاری سنە و کوڕی مەلا عەبدوڵڵا دشەیی، یەکێک لەو کەسایەتیانە بوو کە ناوی ئاوێتەی ڕووداوەکانی پاش ڕووخانی ڕژێمی شا و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو. هۆگرانی بە کەسێکی بوێر و چاونەترسی دەناسن و شوێن‌کەوتوانی دەڵێن کاک ئەحمەد ڕێبەری ئەهلی سوننەتی ئێران بوو (نامەی مەکتەب بۆ ڕاشدالغننوشی، کە لە ساڵی ١٣٩١ بە نهێنی ئاراستەی کراوە) و هەندێک‌جار لە وتار و بابەت و سۆشیال‌میدیا و بۆنەکان‌دا نازناوی ڕێبەری ئایینی‌-‌نەتەوەیی بۆ بەکار دەهێنن. ڕەخنەگران دەڵێن مەکتەبیەکان بە مەبەستی سڕینەوەی ڕاستی‌یەکانی مێژوو، موفتی‌زادە پیرۆز دەکەن. بەگشتیی جگە لە شوێن‌کەوتوانی و کەسانێک کە لەژێر کارتێکەریی هەژموونی ڕاگەیاندنی مەکتەبیەکانن، موفتی‌زادە نەیتوانیوە خۆی لە دڵی کۆمەڵانی کوردستان جێ بکاتەوە و هەتا ئیستاش دەکەوێتە بەر ڕەخنە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی، دەرفەتەکانی بەردەم کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ دەربڕینی داواکاریەکان کرانەوە و، گەل و حزبەکان وەخۆ کەوتن بەڵکو بتوانن لەو دەرفەتەی ڕەخساوە مافەکانیان دەستووری بکرێتەوە یان سەربەخۆیی وەگەڕ بخەن بەڵام ئەمە بە دڵی ئاخوندەکانی تاران نەبوو کە دەسەڵاتیان گرتبۆوە دەست. هاوکات کاک ئەحمەدی موفتی‌زادە دامەزرێنەری مەکتەب قورئان، هەوڵەکانی بە دروشمی حکومەتی ئیسلامی شۆڕایی چڕ کردەوە، خۆی لە خومەینی نزیک دەخستەوە و بە دڵسۆزی‌یەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی، توانی متمانەی بازنەی دەوری خومەینی بەدەست بهێنێت تا ئەو شوێنەی تێکەڵ بە شاندی متمانەپێ‌کراوی خومەینی دەبوو. کاک ئەحمەد کە ماندووی دەستی ڕژێمی پاشایەتی بوو، کۆماری ئیسلامی بە دەرفەتێک دەزانی بۆ گەشتن بە ئاواتەکانی. لە کاتی وتاردانەکانی خومەینی، لەوکەسانە بوو کە لە نزیکترین شوێنەکان بە خومەینی و شانبەشانی خەڵخاڵی دادەنیشت کە بە قەسابی کوردستان ناسراوە و پاش کۆتاهاتنی وتارەکانی خومەینی، مایکی لەبەردەم خومەینی لادەبرد و هاریکاری ڕیکخستنەکانی دەکرد بۆ سەرکەوتنی دەسەڵاتێکی تەواو ئیسلامی(2-1).

ئامانجەکانی موفتی‌زادە لەڕواڵەت‌دا لەپێناو کورد و ئەهلی‌سوننەت بوو بەڵام لە ناوەڕۆک‌دا، بۆ پێک‌هێنانی حکومەتێکی ئیسلامی لە تاران و دەست‌خستنی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بەڵام بوونی حیزبەکانی لەپێش خۆی وەک لەمپەر دەبینی. کۆماری ئیسلامی و مەکتەب‌قورئان ئەگەر لەبابەت چەند خاڵی یاسای بنەڕەتیی ناکۆکیان هەبوایە بەڵام لە بابەت بێ‌کاریگەر کردنی حیزبەکان و پرسی پێک‌هێنانی حکومەتی ئیسلامی یەکیان دەگرتەوە و هاو ستراتیژی‌ بوون. لەگەڵ ئەوەش‌دا، تەقەلای کۆماری ئیسلامی هەڵوەشانەوەی بەرەی کورد بوو هەر بۆیە سەرەتا هەوڵی‌دا ناکۆکی بخاتە نێویان و لاوازیان بکات. بە باڵادەست‌کردنی مەکتەب‌قورئان و ڕۆڵ‌دان بە موفتی‌زادە، دەنگی جیاوازی لەناو بەرەی کورد ساز کرد و ئەمەش بووە هۆی قووڵ‌بوونەوەی ناکۆکی نێوان ڕیزەکانی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لاوازکردنی پێگەی کورد بەرانبەر تاران.

 

حسەین سەجادی قائم‌مقام فراهانی کە ناسراوە بە قادرعەبدوڵا، لێکۆڵەڕی چەپی گەڕیدە و دژبەری دەسەڵاتی تارانە کە لەکاتی شەڕی پێشمەرگە و کۆماری ئیسلامی‌، بە ناوچە کوردیەکان‌دا دەگەڕا و لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەکرد. ناوی دوو دۆستی کوردی خۆی «قادر و عەبدوڵا» وەک ناوی نهێنی بۆ خۆی هەڵبژارد کە لەسێدارە درابوون. قادر عەبدوڵا لەسەر کەسایەتی موفتی‌زادە دەڵێت: "دەوڵەت سەرجەم ناوچە کوردیەکان لە ڕۆژاوا، لە سنەوە تا ڕەزاییە دەکاتە سێ بەش و لە یەک کات،‌ سێ بوونەوەری سەیرو سەمەر لە توورەکەی ئیمڕیالیسم دەهێنێتە دەر. بوونەوەری یەکەم: مرۆڤێکی بەخت‌گەڕاوەیە بەناوی ئەحمەدی موفتی‌زادە کە هەموو گەلی کورد نەفرەتی لێ‌یەتی، ئەم بوونەوەرە کە دەوڵەت پێی دەڵێت عەللامە، نزیک حەوت‌سەد بۆ هەشت‌سەد مرۆڤی بێچارەی برسی، بێ‌ئیش، چەقۆکەش و ئەوباش (شەلاتی) لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و مانگی هەزارو حەوتسەد هەشتسەد تمەنیان پی ئەدات و بەناوی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە سنە تا سەردەشت دەخاتە ژێر دەستی کە بیپارێزن و باوکی گەلی کورد دەربهێنن." نووسەر لە درێژەدا «قیادەموەقت» و «ئاخوند حەسەنی» وەک دوو بوونەوەری دیکە ناو دەبات کە هاوتەریبی موفتی‌زادە و کۆماری ئیسلامی، شەڕی کوردانی ڕۆژهەڵات دەکەن (کتێبی کردها چە می‌گویند؟! لاپەڕە ٣٤).

دوکتور حسەین خەلیقی کە ئەندامێکی دانوستانکاری وتووێژەکانی ساڵی ١٣٥٧ی کورد لەگەڵ شاندی نیازپاکیی کۆماری ئیسلامی بوو، لە وتووێژێکی ساڵی 13٩٧ ئاشکرای دەکات کە موفتی‌زادە ڕۆڵی تێکدەرانەی لە دانووسانەکان هەبووە و دەڵێت: من هەر ئەوکات بە سەرکردەکانی کوردم ڕاگەیاند کە موفتی‌زادە ئێمەی فرۆشت. دوکتور خەلیقی دەڵێت: موفتی‌زادە کە بەڵێنی دابوو بەبێ هاوئاهەنگیی هیچ کارێک نەکات، کەچی لەگەڵ نوێنەرانی تاران و بەتایبەت تاڵەقانی یەکیان دەگرت و کاک ئەحمەد لە کۆتایی‌ دانیشتنەکەدا بە ڕەفسەنجانی دەڵێت: بڕیار هەر ئەوە دەبێت کە پێشتر قسەمان لێ کردووە (.).

دیمەنەکانی ئەوکات دەری دەخات کە مەکتەب‌قورئان بە ئامادەییەوە پێشوازیان لە شاندی نیازپاکی تاران کردووە و لەکاتی هاتنە ژووری شاندەکە بۆ ناو مزگەوتی گەورەی سنە، مەکتەبیەکان ئەم دروشمەیان پێکەوە دووپات دەکردەوە: صلّی علی محمد – خمینی و کاک ئەحمەد (.). شاندەکە پێک هاتبوون لە کەسانی وەک ئایەتوڵا تاڵەقانی، بەهەشتی، بەنی سەدر و ڕەفسەنجانی. ئەم دروشمەی مەکتەبیەکان بۆ چەند مەبەست دەوتراوە و لەوانە: ١- دەربڕینی نیەت‌پاکیی مەکتەب قورئان بۆ نوێنەرانی تاران. ٢- نواندنی پێبەندبوونی کاک ئەحمەد و مەکتەب‌قورئان بە ئیمام خومەینی و کۆماری ئیسلامی. ٣- هەوڵ بۆ وەلانانی حزب و لایەنە سیاسی‌یەکانی‌تر. ٤- موفتی‌زادە وەک تاکەلایەنی وتووێژ و دانووسان‌کاری کورد ڕەچاو بگیرێت.

لە یەکێک لە سەردانەکانی موفتی‌زادە بۆ تاران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، خومەینی بەڵێنی ‌سپاردنی ڕێبەرایەتی ئۆتۆنۆمی و خودموختاری ناوچەی کوردی‌یەکانی پێ دابوو. کاک ئەحمەد لەلایان تاران زەق کرایەوە و هەلومەرجیان بۆ ڕەخساند کە لە مەیدانی سیاسەت زیاتر دەربکەوێتک؛ تاران دەرگای بەڕووی موفتی‌زادە زیاتر کردەوە و لە ڕۆژنامەکان‌دا وەک عەللامە، بەرپرسی باڵای حکومی و ڕێبەر ناوی دەهات (کیهان ژ٤٧١-١٣٧١/١١/٢٦، جمهوری‌اسلامی، اطلاعات ژ١٩٨٤٣-١٣٧١/١١/٢٧). بەرپرسیاریەتی کومیتەی ئینقلابی ئەهلی سوننەتی خرایە ئەستۆ و ئیزن بە مەکتەب‌قورئان درا بۆ بەرگری لە دەست‌کەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سنووردار چەکیان هەبێت. موفتی‌زاده لە (کتێبی دربارەکردستان لاپەڕە ٧٦) دەڵێت: "دەوڵەت هاوکاری نەدەکردین، براکانمان بە مەبەستی پاراستنی جادەکان و شارەکان لە مەترسی‌یەکانی دژەشۆڕش (مەبەست حیزبەکان)، پێویستیان بە فیشەک بوو، لەکاتێکدا لیژنەکانی ئێمە بۆ چەک‌کردنی خەڵک، سەدان چەک و بڕێکی زۆر فیشەکمان ڕادەستی پێگە سەربازی‌یەکان کردبۆوە، بەڵام فیشەکیان پێ نەداین و لە باتی ئەوە، دەستیان کرد بە پڕچەک‌کردنی دەربەگە ئیسلامی‌یە موسوڵمانەکان و خەڵقی‌یەکان." موفتی‌زادە لەم چوارچێوەدا و لەنێوان وتارەکانی حسەینیەی ئیڕشادی تاران لە ساڵی ١٣٥٨ دووپاتی دەکاتەوە کە: "ڕەنگە بشزانن ئێمە بووین کوردستانمان پاراست."

تایبەت‌مەندیەکی کاک ئەحمەد دووفاقی بوو لە وتەکانی‌دا؛ لەسەر زۆر بابەتی ئایینی و نەتەوەیی بە شێوازی دووپاڵوو قسەی کردووە یان دوو بۆچوونی جیاواز لەیەکی هەبووە بۆ یەک بابەتێک. بۆ وێنا ئەگەر لە جێ‌یەک باس لە شوێن‌کەوتنی قورئان و سوننەت دەکات، لە شوێنێکی دیکە دەڵێت: شوێن قورئان و سوننەت مەکەون (کتێبی نامەها، نامەی ژ٦ ل٧٨-٧٩). زۆرکات دروشمی نەتەوەیی داوە و تەنانەت بە خەڵکی دەوت خودموختاری لە گیرفانمدایە بەڵام لە پەرتووکەکانی لە دژی نەتەوەگەرایی قسە دەکات. لە شوێنێک کورد وەک گەلێکی زوڵم‌لێکراو ناو دەهێنێت بەڵام هەر لەو وتارەدا دەڵێت پرسی نەتەوە ئاگرێکی سووتێنەرە. دووفاقی لە وتەکانی کاک ئەحمەد لە بۆچوونە ئایینی و سیاسی‌یەکانی، ڕێگەی بۆ دەربازبوونی شوێن‌کەوتوانی لەمەڕ ئەو ڕەخنانە کردۆتەوە کە ئاراستەی ڕێبەرەکەیان دەکرێت و لە وەڵامی ڕەخەکان‌، وتەیەکی موفتی‌زادە هەڵدەبژێرن کە گونجاوی کات و شوێن بێت. ئەم پرسە سەری لە بڕێک کەس کە ئاگاداری لایەنی دیکەی کاک ئەحمەد و هەروەها مێژوو نین شێواندووە و بەهۆی ئەوەی‌کە موفتی‌زادە خرایە زیندان، بە دژبەری کۆماری ئیسلامی دەزانن.