زۆر کات هه‌ندێک له جوڵانه‌وه ئایینیه‌کان ، به زیاده‌ڕه‌وی له کاروباری ئایینی تۆمه‌تبار ئه‌کرێن و ئه‌م جۆره جوڵانه‌وه ئایینه به ئیفراتی ، توندڕه‌و و ڕادیکال ناو ئه‌برێن . له کاتێکدا به بڕوای ئه‌و جوڵانه‌وه ، ته‌نیا ڕێ و شوێنی ئه‌حکامی ئیلاهی و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ره (سڵاوی خوا لێبێت) ئه‌یگرنه به‌ر . لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌یه له بۆچونه‌کان سه‌باره‌ت به توندڕه‌وی و توندوتیژی . 
له‌م چوارچێوه‌دا مه‌کته‌بی قورئان هه‌وڵی داوه خۆی وه‌ک جوڵانه‌وه‌ێکی مامناوه‌ندی و ئه‌مڕۆیی پێناسه بکات . له لاێکیشه‌وه ، له هه‌رکوێ باس له بزوتنه‌وه‌ێکی ئاینی بکرێت ، تۆمه‌تی خائین و پاڵپشتی به هێزێک ئه‌خاته پاڵ ئه‌و بزوتنه‌وه یان ئه‌و جوڵانه‌وه به جوڵانه‌وه‌ێکی توندڕه‌و ڕادیکاڵ وه‌سف ئه‌کات . 
به‌ڵام مێژو و هه‌ڵسوکه‌وتی مه‌کته‌بی قورئان به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگا باس له‌وه ئه‌کات که نه‌ک جوڵانه‌وه‌ێکی ئایینی مامناوه‌ندی نیه به‌ڵکو یه‌کێک له‌و جوڵانه‌وانه‌یه که بۆ داسه‌پاندنی بیروڕای خۆی په‌نا ئه‌باته به‌ر توندوتیژی .
بۆ نمونه له ساڵه‌کانی 2006-2005 کاتێک مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عه‌له‌وی ئیمامی جه‌ماعه‌تی گوندی یه‌کشه‌وه ی بۆکان له خوتبه‌کانیدا ڕه‌خنه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌حمه‌دی موفتیزاده‌و مه‌کته‌بی قورئان کرد ، دوابه‌دوا زیاتر له سه‌د سه‌یاره و سه‌دان ئه‌ندامی مه‌کته‌بی قورئان له دانیشتوانی سه‌قز و بۆکان به کاروانێک هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌و گوند و مامۆستای گونده‌که و پێیان ئه‌وت خائین . مه‌کته‌بی قورئان له‌م کرده‌وه توندوتیژیه‌دا چه‌ن په‌یامی گه‌یاند : 
1 - په‌یامێک بێت بۆ که‌سایه‌تی و به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئایینی که به‌م جۆره به‌ر پرچی ڕه‌خنه‌کانیان ئه‌ده‌ینه‌وه . 
2 - که‌سایه‌تی و به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئایینی ئه‌بێ بیرۆکه‌ی ڕه‌خنه گرتن له مه‌کته‌بی قورئان له مێشکیاندا نه‌هێڵن . 
3 - پێ داگرتن له‌سه‌ر بیروڕا و عه‌قیده‌ی به‌لاڕێداچوی خۆیان . 
4 - دڵه‌ڕاوکێ و ترس خستنه دڵی ڕه‌خنه گرانی مه‌کته‌بی قورئان . 
له کاتێکدا شه‌قامی شاره‌کانی کوردستان ئه‌م هێرشه‌ی ئیدانه ئه‌کرد ، گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌م مه‌کته‌به به سه‌رۆکایه‌تی سه‌عدی قوڕه‌یشی له 3ی جۆزه‌ردانی 2006 و به DVD له‌ژێر ناوی "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پلان دژ به مه‌کته‌بی قورئان" وتارێکیان له نێو کۆمه‌ڵگا بڵاو کرده‌وه . هه‌ڵه‌ی یه‌ک له دوا یه‌کی مه‌کته‌بی قورئان بووه هۆی جیا بونه‌وه‌ی هه‌ندێک له گه‌وره که‌سایه‌تیه‌کانی ئه‌م مه‌کته‌به و به‌م جۆره‌ش گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان . 
نمونه‌ێکی که ، تۆمه‌ت لێدان و سوکایه‌تی کردن به ئیمامی جه‌ماعه‌ت ، سه‌له‌فیه‌کان ، خه‌له‌فی ، شێخ و ده‌روێش و مامۆستا و ئیخوانیه‌کان و هتد . مه‌کته‌بی قورئان غه‌یری خۆی به گومڕا و نه‌زان وه‌سف ئه‌کات و ئه‌حمه‌دی موفتی‌زاده و مه‌کته‌بی قورئان به تاقه ڕێگه‌ی ڕزگاری سوننه‌ت و کورد و سه‌رجه‌م موسوڵمانان ئه‌زانێت . 
کاتی دواندنی ، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی قورئان باس له‌وه ئه‌کات که خۆیان بۆ شۆرشێکی ئایینی ئاماده ئه‌که‌ن . ئه‌ڵێن ئیستا ئێمه نه‌گه‌شتوینه ئه‌و پله که ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئایینی بده‌ین به‌ڵام هه‌رکات به‌و شوێنه گه‌شتین ده‌ستێوه‌ردانمان ئه‌بێت . 
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌دا ئاماژه به چه‌ن خاڵی دیکه ئه‌که‌ین که مه‌کته‌بی قورئان په‌نای بردۆته به‌ر توندوتیژی : 
1- پێشێل کردنی هه‌رێمی ماڵ و بنه‌ماڵه له‌لایان ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی قورئان و هێرش کردنه سه‌ر "موحه‌ممه‌د ژیان ئه‌مینی" و "حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا" ڕێکه‌وتی 1392/4/23ی هه‌تاوی و په‌لاماردان و لێدانی ئه‌م دوو که‌سه ئه‌ویش له‌به‌ر چاوی خێزان و منداڵه ورده‌کانیان . 
2- له مزگه‌وتی دارولئێحسانی شاری سه‌قز چه‌ن ساڵه په‌نای بردۆته به‌ر توندوتیژی بۆ ده‌ست به‌سه‌را گرتنی ئه‌و مزگه‌وته بۆ کاروباری خۆیان . شایانی باسه چه‌ن جار له‌گه‌ڵ سه‌له‌فیه‌کان تێک گیراون که به ناوبژیوانی گه‌وره پیاوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که کۆتایی پێ هاتووه . ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه  که مه‌کته‌بی قورئان ئه‌و جوڵانه‌وه که خۆی په‌لاماری ئه‌ندامانی داوه ، به جوڵانه‌وه‌ێکی ڕادیکاڵ و توندوتیژ وه‌سف ئه‌کات . 
3- هێرش کردن و لێدانی ئه‌ندامانی گروپێکی دیکه‌ی ئاینی له مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ری ئه‌کره‌م(ص) ئه‌که‌وێته گه‌ڕه‌کی گوڵشه‌ن له شاری سنه . شایانی باسه ئه‌م هێرش کردن و په‌لاماردانه به هۆی پێش نوێژی کردنه بووه له‌و مزگه‌وته . 
ترس له هێرش و سوکایه‌تی پێ کردن و ده‌نگ به‌رز کردنه‌وه له لایان ئه‌ندامانی ئه‌و مه‌کته‌به ، ناهێڵێت له میوانی و شوێنه گشتیه‌کان که‌سێک ڕه‌خنه له ئه‌حمه‌دی موفتی‌زاده و مه‌کته‌به‌که‌ی بگرێت . ئه‌م جۆره هه‌ڵوێسته توندوتیژه ، نوێنه‌ری جوڵانه‌وێکی ئیدئۆلۆژیکه که گوێی بیستنی ڕه‌خنه‌ی نیه .  
به‌م جۆره که مه‌کته‌بی قورئان به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئایینی به ناڕاست و ڕادیکاڵ و توندڕه‌و وه‌سف ئه‌کات ، په‌نا ئه‌باته به‌ر توندوتیژی و به وته‌ی هه‌ندێک له ڕۆشنبیران ، مه‌کته‌بی قورئان ئیستاکه ئیفراتی ترین جوڵانه‌وه‌ی ئیدئۆلۆژیکه له کوردستان .